لەهەرێمەوە هەنگاوێکی جدی دژی بڕیارەکەی تەیف سامی دەنرێت
نها نیوز- هەواڵەکان
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، نەناردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران بیانووە بەغدا بە هەرێـمی دەگرێت و حکومەتی کاربەڕیکەرش بەرپرسیارە لە دواکەوتنی مووچە بەوەی وەک پێویست پابەند نابێت جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ بەغدا کردوویەتی و بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا گرێبەستی گەورە دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دارا سێکیانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ نها هۆکاری دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران ئاشکرادەکات و دەڵێت: " نەناردنی موچەی مانگی پێنجی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە بیانووە کە هەر جارێک بە بیانووێک دەست بۆ قووتی هاوڵاتییانی هەرێم دەبات کە ئەمە دژی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵییە کە هەردوو حکومەتی پابەند کردووە بەوەی نابێت مووچەی موچەخۆران بکرێتە قوربانی ئاڵنگارییە سیاسییەکان".
سێکیانی باسی لەوەش کرد: "حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمیش کەمتەرخەمە و دەستی دەستی بە بەغدا دەکات لە ڕادەست کردنی داهات و تەوتیندا، وەک پێویست پابەند نابێت جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ بەغدا کردوویەتی".
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە "جگە لەوەش لەجیاتی گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی ناوەند، پەنا بۆ کارتی دیکە دەبات وەک ناردنی پەیامی ناڕاستەوخۆ بۆ بەغدا، وەک بینیمان لەماوی ڕابردوو گرێبەستی گەورەی وزەی لە ئەمریکا ئەنجامدا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا".
سەبارەت بە چارەسەری ئەم دۆخەی بۆ موچەی فەرمانبەران دروست بووە، ئەو ئەندامە پەڕلەمانی عێراق وتی: " چارەسەری ئەم دۆخە ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم تەنیا بە گەڕانەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر دەبێت بۆ مێزی گفتوگۆ دەبێت لەگەڵ بەغدا نەوەک ناردنی پەیام و هەڕەشەکردن".
دەربارەی هەوڵی فڕاکسیۆنە کوردییەکان ئەوەشی وت: "وەک فڕاکسیۆنە کوردییەکان، هەوڵێکی واژۆ کۆکردنەوەمان دەستپێکردووە تا داوا لە پەرلەمانی عێراق بکەین کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سەبارەت بەم بابەتە ئەنجام بدات و لایەنی پەیوەندیدار بانگهێشت بکرێن، تاوەکو چارەسەرێک بۆ ئەم گرفتە بدۆزینەوە و شایستە داراییەکانی هەرێم خەرج بکرێت پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و یاسای بودجە".
|