ئابوری

نها نیوز دوایین زانیاریی سەبارەت بە موچەی مانگی پێنج ئاشکرا دەکات

نها نیوز- هەواڵەکان

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق وادەی ناردنی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێم ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "زانیاریمان هەیە پێش جەژن حکومەتی عێراق مووچەی مانگی پێنج دەنێرێت".

شیروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکی تایبەتدا بە نها نیوز وت: "زانیاریمان هەیە پێش جەژنی قوربان مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێم دەدرێت و لە ئێستادا حكومەتی فیدڕاڵ مووچەی خۆی دابەش دەكات".

دووبەردانی ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، حکومەتی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش خەرج دەکات؛ واتە "پێش جەژن فەرمانبەرانی هەرێمیش وەک عێراق مووچە وەردەگرن ودواناکەوێت".

هاوکات سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ میدیای گەلی کوردستانی ئاشکرایکردووە "تائێستا وردبینی لەلیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەستیپێنەكردووە".

لەلایەکی دیکەشەوە، ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیوم" لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاندووە، لە ئێستادا وەفدێکی تەکنیکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە بەغدایە بۆ وەڵامدانەوەی هەر تێبینییەک لەسەر لیستی مووچەخۆرانی هەرێم.

ماڵپەڕەکە ئەوەشی خستووەتە روو، ئەگەر بەغدا هیچ تێبینییەکی لەسەر ئەو لیستە نەبێت، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم "پێش جەژن ڕەوانە دەکرێت".

2025-05-27
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.