جێگری قوباد تاڵەبانی دڵنیایی لەناردنی مووچەی مانگی 5 دا
نها نیوز - هەواڵەکان
وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران زانیاریی نوێ دەربارەی دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگەی مووچەخۆرانی هەرێم ئاشکرادەکات و دەڵێت "چاوەڕوان دەکەین پێش جەژن خەرج بکرێت، لەکاتی گەشتکردنی تەیف سامی بەرەو دەرەوەی وڵات، پێویستە کەسێکی تر بکرێت بە بریکاری وەزیر و دەسەڵاتی خەرجکردنی مووچەی دەبێت".
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لیستی مووچەی مانگی ئایار بە سیستمی پەیڕۆڵ ئامادەکراوە و ئەمڕۆ لەلایەن تیمێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمەوە ڕادەستی بەغدا کرا".
وتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیران ئاشکراشیکرد "لە ئێستادا لیستەکە لە بەشی چاودێرییە لە وەزارەتی دارایی عێراق و بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتودا ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتەکە بکرێت، لەوێشەوە دووبارە وردبینی بۆ دەکرێتەوە و ڕەوانەی نوسینگەی وەزیر دەکرێت، بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بدرێت".
بەپێی وتەی سەمیر هەورامی، لەکاتی گەشتکردنی تەیف سامی بەرەو دەرەوەی وڵات، پێویستە کەسێکی دیکە بکرێت بە بریکاری وەزیر و دەسەڵاتی خەرجکردنی مووچەی هەبێت.
جێی ئاماژەیە، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە نها نیوزی وت "پێشبینی دەکەین سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچەی مانگی پێنج بنێرێت".
|