هەرێم وەڵامێکی توندی عێراق دەداتەوە
نها نیوز- هەواڵەکان
دوای واژۆکردنی دوو گرێبەستەکەی حکومەتی کاربەڕێکەر لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی لەبواری وزەدا و ڕەتکردنەوەی لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە، لە نوێترین لێدوانیدا، وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، ئەو کارەی حکومەتی کاربەڕێکەر نادەستووری نییە و پاشگەزیش نابنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، لە لێدوانێکی میدیاییدا ئاماژەی بەوەکرد: حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە واژۆکردنی ئەو دوو گرێبەستە پاشگەز نابێتەوە و ئەو هەنگاوە پێچەوانەی دەستوور نەبووە و ئامانج لێی دابینکردنی سووتەمەنیی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و بەشێکی بۆ ناوچەکانی عێراق دەڕوات.
کەمال محەممەد، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو وەبەرهێنانە، کارەبا بۆ ملیۆنان هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دابین دەکات، هاوکات گەشبینیی خۆیشی سەبارەت بە گۆڕینی هەڵوێستی بەغدا بەرامبەر بە واژۆکردنی ئەو دوو گرێبەستە دەربڕی.
ئەم لێدوانەی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە وەکالەت لەکاتێکدایە، دوای ڕاگەیاندنی واژۆکردنی دوو گرێبەستی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی، وەزارەتی نەوتی عێراق بە توندی دژی وەستایەوە و ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێمی بە "نادەستووری" ناوبرد.
|