سبەی لیستی مووچە دەنێردرێت بۆ بەغدا و وادەیەکیش بۆ ناردنی پارەکە ئاشکراکرا
نها نیوز – هەواڵەکان
وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر ڕایگەیاند، شاندێکی وەزارەتی دارایی پەیوەست بە پرسی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ خۆشیان دا لیستەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی وت "شاندێکی تەکنیکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دەچێتە بەغدا بۆ رادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی پێنج".
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، سبەینێ یەکشەممە شاندەکە لیستی مووچە دەباتە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەبەغدا بۆ پشتڕاستکردنەوەی لیستەکە و دواتر شاندەکە لیستەکە دەباتە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ وردبینی.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، مەبەستییانە وردبینیی لیستی مووچە بەزووترین کات تەواو بکرێت، تاوەکو وەزارەتی دارایی هەرێم بتوانێت پێش جەژنی قوربان مووچە مانگی پێنج دابەش بکات.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکردووە، لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق بەڵێنیان پێ دراوە رۆژی سێشەممە پارە بۆ مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
|