ئابوری

وەزارەتی نەوتی عێراق دووبارە لەبارەی گرێبەستە 110 ملیاریەکەوە هەرێم سڕ دەکات

نها نیوز – هەواڵەکان

وەزارەتی نەوتی عێراق  رایدەگەیەنێت، مامەڵەی راستەوخۆی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لەگەڵ هەرێم، بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی بەغدا، "پێچەوانەی دەستورە".

ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا رونیکردەوە "وەزارەتەكەمان بەردەوام پێشوازی و هەوڵی كاركردن لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەدات بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتی و غازییەكان لەڕێگەی پەیوەندی و گرێبەستە راستەوخۆكان وەك ئەوەی لە دەستوری عێراقی و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیدا هاتووە".

هەربەپێی راگەیەندراوەکە، گرێبەستەكانی وەزارەتی نەوت بەردەوامن لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە كەرتەكانی دیكەی نەوتدا وەك لێدانی بیرو خزمەتگوزارییەكانی هاوڵی نەوت و خزمەتگوزارییە راوێژكارییەكان.

وەزارەتی نەوتی عێراق جەختیشیدەکاتەوە "وەزارەتەكەمان هیچ رێگریی و كێشەیەكی نییە لە مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان جگە لەوەی كە مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی عێراقی و كەناڵە فەرمییەکان، كارێكی پێچەوانەی دەستوری عێراق و یاسا بەركارەكانە".

رۆژی 19ـی ئەم مانگە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی شاندێك گەیشتە ئەمریكا و 20ی هەمان مانگ گرێبەستێكی بە 110 ملیار دۆلاری، بۆ وەبەرهێنانی غاز لە كێڵگەی میران و كێڵگەی تۆپخانە - كوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی واژۆكرد.
 
2025-05-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.