ئابوری

لەبارەی گرێبەستە 110 ملیار دۆلاریەکەی بارزانی، عێراق نائومێدکرا

نها نیوز - هەواڵەکان

شەرقولئەوسەت لەزاری بەرپرسێکی پێشووی نەوتەوە رایدەگەیەنێت، کە بەغدا دەتوانێت تەنیا بەیاننامەی رەتکردنەوە دەربکات و "نەتوانێت گرێبەستەکانی هەرێم رابگرێت".

کاردانەوەکان لەبارەی دوو گرێبەستەکەی هەرێم کەلە واشنتۆنی ئەمریکا واژۆ کرا، زیاتر دەبن و لەبارەی لێدوانەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقیش، بەرپرسێکی پێشووی نەوت بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت دەڵێت "پێدەچێت بەغدا تەنیا بەیاننامەی رەتکردنەوە دەربکات و نەتوانێت گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان رابگرێت".

ئەو بەرپرسە وتیشی "ناکۆکییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن لە نەبوونی یاسایەکی روون و ئاشکرای تایبەت بە نەوت".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گرێبەستە نوێیانەی هەرێمی کوردستان ئەنجامیداوە پێدەچێت مەبەست لێی پڕکردنەوەی کورتهێنانی ناوخۆ بێت، بەتایبەتی لە پرسی پەیوەست بە غاز، كە وڵات زۆر پێویستی پێیەتی.

هەر بەپێی ئەو هەواڵەی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، هەروەها واژۆکردنی ئەو گرێبەستە مەبەست لێی هەناردەکردنی غاز بۆ دەرەوەی وڵات نییە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بابەتە پێویستی بە رێککەوتنی روون و شەفاف هەیە لەنێوان بەغدا و هەولێر.

ئەو بەرپرسە نەوتییە دەشڵێت "لەبەرژەوەندی دارایی عێراقدایە کە هەناردەکردنی نەوتی کورد لە رێگەی جەیهانەوە رابگیرێت؛ بە لەبەرچاوگرتنی تێچووی زۆری بە بەراورد بە نرخی نەوت لە کێڵگەکانی باشووری وڵات".

بەدووریشی دەزانێت بەغدا و هەولێر بگەنە رێككەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەماوەی تەمەنی ئەم حکومەتەی ئێستادا، کە بەرەو كۆتایی دەچێت و رەنگە ئەو پرسە بگوازرێتەوە بۆ حکومەتی داهاتوو.

ئەم ناكۆكییە نوێكان لەكاتێكدایە، بەهۆی وەستانی نزیکەی دوو ساڵەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک و کێڵگە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، زیانەکانی عێراق بە نزیکەی 15 ملیار دۆلار دەخەمڵنێرێت، سەرەڕای چەندین لێدوانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی نزیکبوونەوەی هەناردەکردن، بەڵام تائێستا هەناردەكردنی نەوت راگیراوە.

 
2025-05-22
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.