وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی گرێبەستە زەبەلاحەکەوە بارزانی نائومێد دەکات
نها نیوز – هەواڵەکان
وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی گرێبەستەكانی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (HKN ENERGY) و (WESTERN ZAGROS) ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەم جۆرە گرێبەست و رێککەوتنانە تەنیا دەبێت لەلایەن فیدڕاڵەوە بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لەوبارەیەوە بە رۆژنامەنوسانی وت " وەزارەتی نەوتی عێراق تێبینی خۆی لەبارەی ئەو رێككەوتنە تۆماركردووە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان كردوویەتی بۆ وەبەرهێنان لە چەند كێڵگەیەك لەناوخۆی هەرێمدا".
وتیشی "ئەمجۆرە گرێبەست و رێككەوتنانە دەبێت بەتەنیا لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە بكرێن".
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، ئەو دۆسیەی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت، بەتەنیا لە دەسەڵاتی ئێمەدایە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، 19ـی ئەم مانگە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم بە سەرۆكایەتی شاندێك گەیشتە ئەمریكا و دوێنێ گرێبەستێكی بە 110 ملیار دۆلاری، بۆ وەبەرهێنانی غاز لە كێڵگەی میران و كێڵگەی تۆپخانە - كوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی واژۆكرد.
|