مەسرور بارزانی: ئێمەش چاوەڕێی مووچە دەکەین
نها نیوز - هەواڵەکان
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم دەڵێت " سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی فەرمانبەر و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم کە تا ئێستا زۆر پشوودرێژ بوونە، بەڵام پێویستە ئەوانیش بزانن، حکوومەتی فیدراڵییە تا ئێستا مووچەی نەناردووە".
یەکشەممە، 11-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دهۆک، لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مانگی نیسان ڕایگەیاند "هەوڵەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەردەوامن".
هەروەها سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی فەرمانبەر و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات کە تا ئێستا زۆر پشوودرێژ بوونە، بەڵام پێویستە ئەوانیش بزانن، حکوومەتی فیدراڵییە تا ئێستا مووچەی نەناردووە.
مەسرور بارزانی جەختی کردەوە "لە پرسی مووچەی فەرمانبەران حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، هیوادارین حکوومەتی فیدراڵیش بێتە پێشەوە و ئەوانیش ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و چیدیکە بابەتی مووچە نەکەنە قەزیەیەکی سیاسی و وەک فشار لە دژی هەرێمی کوردستان بەکار نەهێنن. هیوادارین بە زووترین کات (خەرج بکرێت) و ئێمەش چاوەڕێ دەکەین.
پێشتریش سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بە نها نیوزی ڕاگەیاند "حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە ڕێکەوتنەکانی لەگەڵ عێراق و ئەوەش بووەتە بیانووی نەناردنی مووچەی مووچەخۆران".
|