ئابوری

ڕێباز حەملان: تەیف سامی دەسەڵاتی ڕاگرتنی مووچەی نییە

نها نیوز - هەواڵەکان

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوەدەکات، کە ناردنی مووچە بۆ هەرێم لە دەسەڵاتی وەزیری دارایی عێراقدا نییە، بەڵکو لە دەسەڵاتی سودانیدایە. دەشڵێت "ئەگەر سبەینێ کێشەی مووچە چارەسەر نەکرێت، شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات".

ڕێباز حەملان، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، لەمیانەی دیدارێکدا لەگەڵ میدیای نزیک لە حەزبەکەی، رایگەیاند "کێشەی نەناردنی مووچە سیاسییە، نزیکەی 20 ڕۆژە لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی بەغدا کراوە، پەسەندیش کراوە".

حەملان وتیشی "وەزارەتی دارایی فیدراڵ، هیچ تێبینییەکی لەسەر لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم نییە، تەنیا ڕایگەیاندووە کە فەرمانیان پێ نەکراوە تەمویلی مووچە بۆ هەرێمەکە بکەن".

پەیوەست میکانیزمی بە ناردنی مووچەوە، ناوبراو ئاشکرایکرد "میکانیزمەکە بەو شێوەیە سەرەتا دەبێت سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمان بە وەزیری دارایی وڵاتەکە بکات مووچە بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام تائێستا ئەو کارە نەکراوە".

بەوتەی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، ناردنی مووچە بۆ هەرێم لە دەسەڵاتی وەزیری دارایی عێراقدا نییە، بەڵکو "لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەدایە، ئەگەر سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ فەرمان بکات بە ناردنی مووچە، وەزیری دارایی بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت ڕەتیبکاتەوە".

لەبارەی ناردنی مووچە ئەگەری دروستبوونی گرفتێک لەبەردەمیدا، رێباز حەملان وتی "ئەگەر سبەینێ تا کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆ، بڕیار لەسەر ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نەدرێت، ئەوا شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمەکە سەردانی بەغدا دەکات".

ئەو دوپاتیشیکردەوە "بەغدا بەردەوام مووچە وەک کارتێکی فشاری سیاسی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنێت". دەشڵێت "عێراق کێشەی نەختینەی نییە و ئەو قسانەی لەوبارەیەوە دەکرێن ڕاست نین".
 
3کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.