ئابوری

وادەیەک بۆ مووچەی مانگی چوار راگەیەندرا

نها نیوز - هەواڵەکان

نزیکەی 45 ڕۆژ بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت بەڵام تاوەکو ئێستا بەغدا مووچەی مانگی چواری نەناردووە، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، چاوەڕوانن لە چەند ڕۆژی داهاتوو پارە بنێردرێت.
 
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە پێگەی فەرمی خۆی نوسیویەتی، "سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لە 22ـی نیسانی 2025ـەوە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی بۆ حكومەتی فیدڕاڵی ناردووە، كەچی تائێستا وەزارەتی دارایی عێراق، نەك هەر، هیچ بڕە پارەیەكی بۆ مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی كوردستان نەناردووە، بەڵكو نوسراوی خەرجكردنی پارەکەش لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە واژۆ نەكراوە، كە ئەمە جێی نیگەرانییەكی زۆرە".
 
لایخۆشییەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە میدیای نزیک لەپارتی وت "هەموو هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆئەوەی لەوە زیاتر ناردنی پارەی مووچەی خەڵکی کوردستان دوانەکەوێت".

وتیشی "هەرێمی کوردستان پابەندی هەموو ئەرکەکانی خۆی بووە و چاوەڕێ دەکەین بەغدا بڕیار لە ناردنی پارە بدات و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی هەرێمی کوردستان بکەین".
 
لەبارەی وادەی ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی چوار، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئاشکراشیکرد "هێشتا هیچ وەڵامێکی فەرمیمان لەسەر وادەی ناردنی پارە دەستنەکەوتووە، بەڵام چاوەڕوانییەکانمان بۆ ئەوەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوو بنێردرێت".
 
جێی ئاماژەیە، دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنجی خانەنشینان و فەرمانبەرانی عێراق دەستیپێكردووە.
4کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.