ڕێباز حەملان هۆکاری نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە ئاشکرا دەکات
نها نیوز – هەواڵەکان
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، عێراق کێشەی نەختینەی نییە، دەشڵێت "بە هەوڵی سەرۆك وەزیران بڕیاروایە هەفتەی داهاتوو گرفتەكانی مووچە چارەسەر ببێت".
ڕێباز حەملان، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بەمیدیای نزیک لە حزبەکەی وت "بڕیار بوو لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق باسی مووچە بكرێت، بەڵام نەكرا، بەڵكو لە دەرەوەی كۆبوونەوەكە باسكراوە و بەرپرسانی عێراق وتوویانە؛ پشكی هەرێمی كوردستان بەشی مووچە ناكات، وتوویانە؛ ئێمە خۆمان كێشەی داراییمان هەیە".
وتیشی "عێراق خۆی هەشت تریلیۆن دینار بۆ مووچە دابەش دەكات، بەڵام 950 ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی پێ زۆرە، دڵنیایی دەدەمە هاوڵاتییان كە هیچ هۆكارێك لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بەناوی تەكنیكی هەر شتێكی دیكەوە نییە بۆ نەناردنی مووچە، بەڵكو نەناردنی پارە لەلایەن بەغداوە بڕیارێكی سیاسییە".
حەملان ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق هیچ گرفتێكی پارەی نەختینەی نییە. دەشڵێت "بە هەوڵی سەرۆك وەزیران بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو گرفتەكانی مووچە چارەسەر ببێت".
|