ئەمڕۆ دارایی عێراق بڕیار لەسەر مووچە دەدات
نها نیوز - هەواڵەکان
وێڕای ئەوەی کێشەی "سیولە" هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی مانگی 4، بەڵام بەوتەی پەرلەمانتارێکی عێراق بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری کۆتایی لەسەر بابەتی مووچەی بدات.
د. خەلیل دۆسكی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فورمی پارتی وت "لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەدواداچوونمان کردووە و گوایە بەشێکی پەیوەندیی بە سیوولە هەیە، چاوەڕوانین ئەوە چارەسەر بکرێت".
لەبارەی دوا دەنگۆش، دۆسکی ئاشکرایکرد "بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری کۆتایی لەسەر بابەتی مووچەی مانگی چواری هەرێمی کوردستان بدات".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی عێراق دابەشكردنی مووچەی خۆیانی تەواو کردووە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی وتیشی "وردبینیی لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بووە و هەموو شت بێ گرفتە و هیچ کێشەی نییه".
ئەمە لە كاتێكدایە كە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 22ی 4ی 2025 لیستی مووچەی مانگی چواری گەیاندە دارایی فیدراڵ و داهاتی مانگی ئاداریشی خستووەتە سەر هەژماری دارایی فیدراڵ.
|