ئابوری

تەیف سامی لەسەر مووچەی مانگی 4 نهێنییەکی چاوەڕواننەکراو ئاشکرا دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

وێڕای ئەوەی "ئەمانەتە باجییەکان" بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەتوانرێت خەرج بكرێت بۆ مووچەی مووچەخۆران. تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ئاشکرای دەکات؛ سێ ترلیۆن دیناری سپاردەی باجیان ڕاکێشاوە بۆ ئەوەی بە "دەردی دزیی سەددە" نەچێت.

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی عێراقییە ئاماژەی بەوەكرد "ئەو حیسابە تایبەتەی ئەمانەتە باجییەکان، کەلە بانکی ناوەندیی عێراق کراوەتەوە، تایبەتە بەو بڕە پارانەی، کەلە کەسانی پابەند بە پێدانی باج کۆکراوەتەوە و زۆربەیان بە داهاتی کۆتایی بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت دادەنرێن".

وتیشی "راکێشانی بڕەکانی ئەمانەتە باجییەکان رێکارێکی ئاساییە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (294) ساڵی 2025، بۆ پێدانی مووچەی مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر".

جێی ئاماژەیە ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە 15 کەلە 15ی نیسانی 2025 بەسترا، رەزامەندی دەربڕی لەسەر پێدانی دەسەڵات بە وەزیری دارایی بۆ راکێشانی بڕی 3,045,007,500,252 دیناری ئەمانەتە باجییەکان کە پێنج ساڵیان بەسەردا تێنەپەڕیوە، بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر.

تەیف سامی زیاتر ئاشکرا دەکات و دەڵێت “زۆربەی ئەو کەسانەی پێویستە لەسەریان باج بدەن، سەردانی فەرمانگەکان ناکەن بۆ تەواوکردنی ئەوەی لە ئەستۆیانە لە هەژمارکردنی باج، بەمەبەستی خۆدزینەوە لەو باجەی کە دانراوە".

هەر بەوتەی وەزیری دارایی بەغدا "وەزارەت لیستی ناو و ژمارە و بڕی پارەی ئەو کەسانە و کۆمپانیایانەی لای هەیە، کە پارەیان لە ئەستۆیە، بۆ گەڕانەوە بۆیان لەکاتی سەردانکردنی دەستەی گشتی باجەکان لەلایەن کەسانی پابەندەوە".

بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، پێویستە وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان خێرایی بدەن بە ئەنجامدانی هەژمارکردنی باج و ڕێکخستنەکان لەماوەی ١٠ ڕۆژ وەک زۆرترین کات، دەستپێک لەبەرواری دەرچوونی بڕیارەکە.

هاوکات بڕیارەکە جەخت دەکاتەوە لەسەر لێپێچینەوە لەگەڵ ئەوانەی کەمتەرخەمن لە جێبەجێنەکردنی حوکمەکانی یاسای باجی داهات و سەپاندنی سزاکان لە لایەن دەستەی گشتی باجەکانەوە بەپێی یاسا.
2025-05-04
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.