دارایی هەرێم بڕیاری خەرجکردنی زیاتر لە 45 ملیار دیناری دەرکرد
نها نیوز - هەواڵەکان
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بریاریدا بە خەرجکردنی زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، لەوانەش 20 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30 نیسان، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە لەسەر فەرمانی وەزیری دارایی بڕی نزیکەی 45 ملیار دینار بۆ پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان خەرج دەکات.
بە گوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتەکە ئەو 45 ملیار دینارەی خەرجکراوە بەم شێوەیە دابەشکراوە:
1- چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ خەرجیی دەرمان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی.
2- چوار ملیار دینار بۆ خەرجیی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا.
3- سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی سلێمانی و دەوروبەری.
4- سێ ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی گەرمیان.
5- دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی راپەڕین.
6- دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە
7- پێنج ملیار دینار بۆ پڕۆژەی رێگەی دوو سایدی کەلار - دەربەندیخان.
8- 20 ملیار دینار وەکو شایستەی دارایی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی (شاڕێی بابان).
9- ملیارێک و 500 ملیۆن دینار پارەی خۆڵ و خاشاک.
هەروا وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاری دا بەبەردەوام بوونی لیژنەی خەرجکردنی گەڕانەوەی ( التأمینات و خطاب الضمان )ی بەڵێندەران لەسەرجەم بانکەکاندا، بەمەبەستی گەڕانەوەی پابەندییەکان بە پێی ڕێژە و گوژمەی دیاریکراو.
|