ئابوری

دارا سێکانیانی بۆ نهانیوز: خاڵی ناکۆک لە نێوان بەغدا و هەرێم داهاتی نانەوتییە

نهانیوز-هەواڵەکان

سروە- علی 

پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق دەنگۆی رەتکردنەوەی بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2025 رەتدەکاتەوە و ئاشکرای دەکات کە  پێشوتر پەسند کراوە و دەڵێت" خاڵی ناکوک لە نێوان بەغدا و هەرێم داهاتی نانەوتییە".

دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە بودجەی ساڵی 2025 لە لایەن عێراقەوە رەتکراوەتەوە؟ ژووری هەواڵی نهانیوز پەیوەندی بە دارا سێکانیان پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق کرد و ناوبراو لە وەڵامدا رەتیکردەوە و رایگەیاند" بودجەی 3 ساڵی رابردوو( 2025 و 2024 و2023)  دیاری کراوە و دەنگی لەسەر دراوە و ئەوەی پەویوەندی بە پشکی هەرێمەوە هەیە دوو جۆرە: بەشێکیان پەیوەندی بە مووچەی فەرمانبەرانە کە لە بودجەدا ئاماژەی پێدراوە بەتایبەتی لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە و کۆمەڵێک رێکاری بۆ دانراوە ، لەوانە رادەستکردنی داهاتی هەرێمو لیستی مووچە ، بەشێکی تری کە پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیە، بودجەی پەرە پێدانی پارێزگاکانە و بەداخەوە  بەهۆی ئەوەی بەغدا و هەرێم رێککەوتنیان نییە هەرێم بێبەش بووە لەوە، و بەشێکی پەیوەندی بەو گرفتانە هەیە کە لە نێوان بەغدا و هەرێم هەیە" .

لە وەڵامی ئەوەی کە حکومەتی هەرێم داهاتی نەوتی و نانەوتی تا چەند رادەستی بەغدا کردووە، دارا سێکانیانی وتی"  بۆ ئەم مانگانە باس لە 48 تریلیون دەکرێت و بۆ دوو مانگی رابردووش 51 و 48 تریلیۆن دینار بوو".

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاشکرای کرد کە حکومەتی عێراقی تێبینیی هەیە لەم بڕە پارەیەی کە هەرێم رادەستی دەکات و دەڵێت لەم بڕە زیاترە .

ناوبراو ئاشکراشی کرد کە یەکێک لە خاڵی جیاواز و ناکۆک لە نێوان  هەرێم و بەغدا" داهاتی نانەوتییە".

لە کۆتاییدا دارا سێکانیانی وتی" بۆ  بودجەی ساڵی  2026 دەبێت دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت و من پێموانییە لە کاتی خۆیدا بتوانرێت دەنگی لەسەر بدرێت و  پەسند بکرێت و بودجەکە بگات" .

22کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.