بانکی ناوەندی عێراق لەبارەی نرخی دینارەوە روونکردنەوە دەدات
نهانیوز-هەواڵەکان
لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی دینار رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دینار ئاشکرا دەکات ودەڵێت" نرخی دینار لە داهاتوودا باشتریش دەبێت".
عەمار حەمەد خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی رایگەیاند" باشبوونی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕی ناوخۆییدا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سیاسەتێکی ناوەندیی پەیڕەو کراوە."
بەوتەی جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، یەدەگی عێراق نزیکەی 110 ملیار دۆلارە و یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی باشبوونی بەهای دینار، بوونی یەدەگێکی گەورەی داراییە کە پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا بەهای دینار باشتریش بێت.
عەمار حەمەد خەلەف، جەختی لەوەکردەوە، بانکی ناوەندی کاردەکات بۆ ئەوەی دراوی نیشتمانی بەهێزتربێت، ئەوەیش بە پشتبەستن بە سیاسەتی گونجاو و توانای دارایی و پێویستییەکانی بازاڕی نیشتمانی.
لای خۆشییەوە د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند "وڵاتەکەمان بووەتە نۆیەمین ئەندامی ئەو سەکۆ هەرێمییە پێشکەوتووە، ئەندامبوونیش لەو سەکۆیە، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووریی وڵات لە ئاستی هەرێمی و سنووری کارکردنی وەبەرهێنەرانیش فراوانتر دەکات."
بە وتەی راوێژکارەکەی سوودانی"بە دڵنیاییەوە ئەندامبوون لەو سەکۆیە، هێز بۆ دیناری عێراقی زیاد دەکات و وادەکات تەنیا پشت بە دۆلار نەبەسترێت بۆ وەبەرهێنان."
|