ئابوری

دارایی عێراق: 12 مووچەمان بۆ هەرێم ناردووە، بەڵام 11 یان دابەشکرد

نهانیوز-هەواڵەکان

دیوانی چاودێری دارایی عێراق ئاشکرای دەکات کە ساڵی رابردوو 12 موچەیان بۆ فەرمانبەران ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم 11 موچەی دابەشکردووە.
 
 
رۆژی دووشیممە28ی نیسانی 2025حەیدەر یوسف خەلخال، سەرۆکی لیژنەی وردبینی لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بە رۆژنامەی(سەباح)ـی راگەیاند" جیاوازی هەیە لە نێوان دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لە دیاریکردنی موچەخۆران،وەزارەتی دارایی فیدراڵی تێبینی زۆری دەستنیشان کردوە، بەتایبەتی لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا، لە ئەنجامی ئەو تێبینیانە هەندێک بڕە پارەی بڕیوە".
 
دەشڵێت"کۆی ئەو بڕە پارەیەی بۆ ساڵی 2024 بۆ هەرێمی کوردستان دابینکرا، بۆ کۆی گشتی 12 مانگی تەواو، زیاتر لە 10 ترلیۆن دینار بوە بۆ موچەخۆران، بەڵام حکومەتی هەرێم بە پاساوی بەشنەکردنی پارەکە تەنها 11 موچەی خەرج کرد".
 
بەوتەی حەیدەر یوسف، تامانگی شوباتی ئەمساڵ، لەرێگەی شەش بانکەوە 273 هەزار موچەخۆر موچەکانیان وەرگرتوە کە دەکاتە 25%ـی کۆی موچەخۆرانی هەرێم جەختیش دەکاتەوە کە پرۆسەی تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی ناکارامەیی ئەو بانکانەی گرێبەستیان لەگەڵکراوە، بەخاوی بەڕێوەدەچێت و وەک پێویست نییە.
 
سەبارەت بە موچەی خانەنشینانیش، سەرۆکی لیژنەی وردبینی لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق ناوبراو رایگەیاند"  جیاوازی هەیە لە نێوان موچەی خانەنشینانی هەرێم و موچەی خانەنیشانی حکومەتی فیدراڵی، بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی هەڵوەشێنراوەوە، بەڵام دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیارەکەی دەرکرد کە داوا دەکات یاسای خانەنشینی یەکگرتوو جێبەجێ بکرێت، لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و هەندێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە، كە راسپاردەی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو داناوە".


2025-04-28
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.