ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی 4 دەخرێتە بەردەم تەیف سامی
نها نیوز - هەواڵەکان
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرایکردووە، کە رۆژی دووشەممە وردبینی لیستی مانگی 4 تەواو دەکرێت و پاشان دەخرێتە بەردەم تەیف سامی.
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی راگەیاند "رۆژی دووشەمەی ئەم هەفتەیە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی چوار لە وەزارەتی دارایی عێراق تەواو دەکرێت، دواتر دەخرێتە سەر مێزەکەى تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق".
سەرچاوەکە وتیشی "بڕیارە سبەى تەیف سامی، بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتى دارایی، چونکە هەفتەک لە ئەمریکا بوو، بەڵام پێشتر لە رێگەی بەرپرسی نوسینگەکەی ئاگاداری شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی کردووە، تێبینی لەسەر ئەو 48 ملیار دینارە هەیە، کە هەرێمی کوردستان وەکو داهاتی نانەوتی بۆ مناگی سێ ناردوویەتی".
ئەو سەرچاوە باڵایە ئاشکراشیکرد "تەیف سامی وتویەتی؛ ئێمە چاوەڕێمان دەکرد نزیکەی 90 ملیار دینار لە هەولێرەوە بۆ بەغدا بنێردرێت، بەڵام بە بیانووی خەرجکردنی داهاتی نانەوتی بۆ خەرجی بەکاربردن هەرێمی کوردستان بڕەکەی بۆ 48 ملیار کەمکردووەتەوە".
ئەوەشی خستە روو، بۆیە "ست تەیف"، وتوویەتی لیستی مانگی چوار پەسەند ناکات و لەگەڵ خۆی دەیباتە کۆبوونەوەی ئەم سێشەممەیەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی لەوێ پەسەند بکرێت و بەرپرسیارێتی ناردنی مووچەی ئەم مانگەی لەسەر خۆی لابردووە".
هەر بەوتەی ئەو سەرچاوەیە "نوسینگەی وەزیری دارایی عێراق بە ناوی تەیف سامی بە شاندی تەکنیکیان وتووە؛ سەرەڕای هەبوونی تێبینی لەسەر داهاتی نانەوتی هەرێم، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی پابەندە بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".
راشیگەیاند "بۆیە چاوەڕێ دەکرێت دوای کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە رێککارەکانی تەمویلکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی چوار لە بەغداوە دەستپێبکات".
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێم جەختیشیکردەوە "بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە چوار و پێنجی مانگی داهاتوو کە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەکات دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت".
|