نها نیوز - هەواڵەکان
وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، شەممەی داهاتوو شاندێکى وەزارەتى سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان سەردانى بەغدا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستاندنەکان بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت.
ئەمڕۆ حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق لە پانێلێکی تایبەت لە دیداری سلێمانی وتی "زیاتر لە ساڵ و نێوێک پەیوەندى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەدیاریکراوى لەگەڵ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان هەبووە، لەبارەى میکانیزمى هەناردەکردنەوەى نەوت، چونکە پێویستییەکى زۆر هەیە بۆ زیادکردنى داهات و بۆ پاڵشتى بودجەى عێراق، کە سودیشى بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان هەیە".
غەنی ئاماژەی بەوەشدا، یاسای بودجە شەش بۆ حەوت دۆلارى بۆ بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێم دیاریکردبوو، "ئەو پارەیە پێویستى گرێبەستەکانى نەوتى پڕ نەدەکردەوە و نرخى راستەقینەى بەرهەمهێنانى نەوتى کۆمپانیاکانى دەستەبەر نەدەکرد".
بەوتەی وەزیرى نەوتى عێراق "بەگوێرەى هەموارى یاسای بودجە ئەو پارەیەى دەدرێتە کۆمپانیاکانى نەوت کە 16 دۆلارە بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى هەر بەرمیلێک پێشینەیەکى بەراییە".
وتیشی "کێڵگەکانى هەرێمى کوردستان لەرووى سروشتى جوگرافییەوە سەختە و هەڵکەندنى بیرەکان تێچووى زۆرە و بەرهەمیشیان کەمترە، کێڵگە هەیە بەرهەمی دەگاتە 20 بۆ 25 هەزار بەرمیل، بەراورد بە کێڵگەى رومیلە زۆر کەمە، کە رۆژانە یەک ملیۆن و 450 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لە کێڵگەى بەدرە و ئەحدەب بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک زیاتر لە 36 دۆلارى تێدەچێت، لەکاتێکدا گرێبەستى بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەکانى رومێلە 4 دۆلار تێپەڕ ناکات".
رۆژی 2ی شوباتى 2025، پەرلەمانى عێراق یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسندکرد ئەوەش دوای ئەوە دێت کە کۆتایی مانگى ئادارى 2023ـەوە ئەو هەناردەکردنەوەیە راگیراوە.