لەبەغداوە وادەی ناردنی مووچەی مانگی چوار راگەیەندرا
نها نیوز - هەواڵەکان
بەپێی وتەی ئیخڵاس دلێمی پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا، مووچەی مانگی چوار لە کۆتایی مانگ رەوانەی هەرێم دەکرێت.
ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای پارتی وت "لیستی مووچە، مانگانە لەلایەن وەزارەتی دارایی کوردستانەوە ئامادە دەکرێت و رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەکرێت، دوای وردبینیش مووچە دەنێردرێت".
وتیشی "ئەوە شاراوە نییە کە دواکەوتنی مووچە رەهەندی سیاسی هەیە. هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە فشارکردن لە حکومەتی فیدڕاڵ و پەیوەندییە ڕاستەوخۆکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ سەبارەت بە گەرەنتیکردنی مووچە سەرکەوتوو بووە".
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ئاشکراشیکرد "ئێستا مانگانە مووچە رەوانە دەکرێت، بۆ مانگی چواریش پێموایە هاوشێوەی مانگەکانی دیکە لە کۆتایی مانگدا رەوانە دەکرێت".
جێی ئاماژەیە، لە هەفتەی ڕابردووەوە سیستمی پەیڕۆڵ کارا کراوە، لە ئێستادا کار لەسەر "میزان موراجەعە" و داهاتی ناوخۆ دەکرێت و پێشبینی دەکرێت ئەم هەفتەیە تەواو بێت.
|