نها نیوز – هەواڵەکان
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر ئاشکرایکرد، تاوەکو پێنجشەممە هەموو گەنجینەکان لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە دەکەن و هەفتەی داهاتووش رەوانەی بەغدا دەکرێت.
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی وت "پێنجشەممە لیستی مووچە ئامادە دەبێت و هەفتەی داهاتوو رەوانەی بەغدا دەکرێت".
سەرچاوە باڵاکە ئاماژەی بەوەشکرد "دەبێت تاوەکو رۆژی پێنجشەممە هەموو گەنجینەکان لیستی مووچەی مانگی چواریان لە فەرمانگە و وەزارەتەکان وەرگرتبێت و بەئامادەکراوی رادەستی وەزارەتی دارایی بکەن، چونکە دەیانەوێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی چوار بێ کەموکورتی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکەن".
وتیشی "هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو، تیمی تەکنیکی وەزارەت لیستەکە دەبەنە بەغدا و رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی دەکەن، دڵنیاشن لەوەی کە هیچ کێشەیەک لەبەردەم ناردن و دابەشکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا نابێت".
هەر لەبارەی مووچەی مانگی ٤ەوە سەرچاوەیەک لە گەنجینەی دووی سلێمانی بە دەڵێت "لەسەرجەم فەرمانگەکان تاوەکو درەنگی شەو فەرمانبەرانی بەشی کارگێڕی و ژمێریاری و ئای تی، سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانیانن بۆ ئەوەی بە زوویی تەواوبکرێت".
دەشڵێت "بۆ ئەم مانگە لیستەکە لە سلێمانی بە سیستمی پایرۆڵ ئامادەدەکرێت و پێویستی بە شارەزایی و وردەکاری زیاترە و بەشێک لە فەرمانبەرەکان شارەزای سیستەمەکە نین، بەڵام هەوڵدەدرێت بە زووی لەگەڵ سیستەمە رابێن، چونکە ئامادەکردنی لیستی مووچەی خێراتر کردووە".