جارێکی دیکە پرسی هەناردنەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەخرێتەسەر مێزی گفتوگۆ
نهانیوز-هەواڵەکان
بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەزارەتی سامان سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان و ئەپیکور بۆ تاوتوێێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت کۆ ببنەوە.
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 6ی نیسانی 2025 لە لێدوانێکیدا لەگەڵ میدیای پارتی رایگەیاند "ئەم هەفتەیە وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی سامان سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کۆ دەبنەوە."
سەباح سوبحی وتیش"کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە، نوێنەری ئەپیکوریش بەشدار دەبێت، چونکە ئەوان لە تێچووی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت ناڕازین. بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی فیدراڵ بەشداریی بکات."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز "نیازی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان باش نییە، چونکە ئەو شاندانەی بۆ دانوستان دەیانێرێت دەسەڵاتی بڕیاردانیان نییە"<
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە، 31-03-2025، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەنراوێکدا هەواڵێکی ڕۆژنامەی "شەڕقولئەوست"ـی ڕەت کردەوە کە باسی لەوە کردبوو "ئەپیکور هەولێر بە هۆی دواکەوتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان تۆمەتبار دەکات".
ئەپیکور ڕاگەیەنراوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاو کردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە، هەوڵە گشتی و تایبەتەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بەرز دەنرخێنن.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دووپاتیشی کردووەتەوە، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان "دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق.".
|