ئابوری

شاخەوان عەبدوڵلا: لە زووترین کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکەن

نها نیوز - هەواڵەکان

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، نوسراوێک ئاڕاستەی وەزیری دارایی عێراق دەکات و داوای لێدەکات بە زووترین کات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکەن.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە نووسراوێک کە ئاراستەی تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ کردووە و دەڵێت: "بە ئاماژەدان بە نووسراوی ژمارە (4246)ـتان لە ڕۆژی 17-02-2025، کە ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە و سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری/بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری بە نووسراوی ژمارە 1414 لە ڕۆژی 26-02-2025، وەڵامێکی ڕوون و گونجاوی نووسراوەکەیان داوەتەوە، وەزارەتەکەتان هێشتا بەربەستی جۆراوجۆر دەخاتە بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە بیانووی ئەوەی زانیاریی پێویستیان پێ نەدراوە دەربارەی هەژماری بانکیی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێم کە مووچەکانیان تەوتین کراوە".

دەشڵێت، "بەپێی یاسا زانیاریی تایبەت بە هەژماری بانکیی فەرمانبەران تایبەتە بە بانکەکان ئەویش بە ئامانجی دڵنیابوونەوە لە خاوەنی ڕاستەقینەی هەژمارەکە و بەکارنەهێنانی لە بابەتی وەک سپیکردنەوەی پارە، بەگوێرەی یاسای بانکەکانی عێراقیش زانیاریی خاوەن هەژمار تەنیا بەیاسا یان بڕیاری دادگا لەگەڵ لایەنێکی دەرەکی هاوبەشی پێ دەکرێت، ئەوەش بۆ پاراستنی متمانەی بانکییە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشت بەو یاسایە و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، (هەژماری من)ـی بۆ فەرمانبەران ڕاگەیاندووە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە وەزارەتی دارایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری و دامودەزگاکانی وەزارەتەکەی ڕاسپێرێت لە زووتری کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکەن و هیچ بیانوو و بەربەستێک لە بەردەم خەرجکردنیندا نە‌هێڵنەوە".

15کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.