نها نیوز - هەواڵەکان
لیستی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە چوار قۆناغ دوو قۆناغی بڕیوە، ئەگەر سبەی تەیف سامی بڕیاری خەرجكردنی مووچە نەدات، ئەوا دابەشكردنی مووچە دەكەوێتە دوای 10ی مانگ و مووچەی مانگی ئازاریش دەكەوێتە دوای جەژن.
بەپێی بەدواداچوونەكان، وەفدی تەكنیكی هەرێمی كوردستان ماوەی هەشت رۆژە لە بەغدان و لیستی مووچەی مانگی شوباتیان پێیە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی و بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچە نەدراوە.
هەر بەپێی بەدواداچوونەکان، لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە چوار قۆناغدا تێپەڕدەبێت ئەوانیش:
- سەرەتا دەچێتە وەزارەتی دارایی عێراق.
- دواتر رەوانەی تەدقیق دەكرێت لە موازنە.
- دواتر رەوانەی ژمێریاری دەكرێت بۆ تەدقیق.
- دواتر دەچێتە بەردەم وەزیر بۆ واژۆی كۆتایی.
گەر بەم پێیە بێت، لیستی مووچەی مووچەخۆران لە وەزارەتەوە رەوانەی "موازەنە" كراوە بۆ "تەدقیق" چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ تەدقیق تەواو بێت واتا هێشتا دوو قۆناغی یەكەمی نەبڕیوە ئەگەر ئەمڕۆ تەدقیق لە موازەنە تەواو بێت چاوەڕوان دەكرێت سبەی هەنگاوەكانی تر تەواو بێت واتا دوای موازەنە رەوانەی ژمێریاری دەكرێت لەوێش تەدقیق دەكرێت و پاشان دەخرێتە بەردەم تەیف سامی بۆ واژۆی كۆتایی و بڕیاری خەرجكردنی مووچە، بەڵام لە ئێستادا لیستی مووچە لە موازەنەیە واتا لە قۆناغی دوومەدایە.
بەپێی دەرئەنجامی بەدواداچونەکە، ئەگەر سبەینێ ژمێریاری و وەزیری دارایی عێراق لیستی مووچە تەواو نەكەن و واژۆی نەكەن ئەوا بڕیاری خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە یەكشەمە 9ی مانگ و دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات دەكەوێتە دوای 10ی مانگەوە، بەڵام ئەگەر سبەینێ بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچە بدرێت ئەوا دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكەوێتە رۆژی شەممە 8ی مانگ.
هاوکات، وەزارەتی دارایی عێراق دوو تێبینی هەیە ئەوانیش زیادبوونی ژمارەی خانەنشینان و كەمی داهاتی ناوخۆیە كە بۆ مانگی رابردوو تەنیا (51) ملیار دیناریان رادەستی عێراق كردووە كە بەبڕە پارەیەكی كەمی ناردووە كە پێشتر خۆیان رایان گەیاندووە داهاتی مانگی (320) ملیار دینار.
جێی ئاماژەیە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مانگانە (یەك ترلیۆن) دینارە، سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان:
- داهاتی ناوخۆ مانگانە: 320 ملیار دینار (كاش و مقاسە و چەك)
- پارەی مانگانەی هاوپەیمانان: نزیكەی 20 ملیار دینار
- پارەی بەغدا مانگانە: 1 ترلیۆن دینار
- داهاتی نەوت: دیار نییە (رۆژانە 311 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێت)
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی 3ی شوباتی 2025 شاندی هەرێم دوای گەڕانەوەیان لە بەغدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ ساڵی (2025) گەیشتوون بەرێككەوتن و بەهەوڵی "هەموو لایەك توانراوە ئێستا كێشەی مووچە چارەسەبكرێت"، بەڵام لە یەكەم هەنگاودا كێشە بۆ مووچەی مانگی شوبات درووستبووە و مووچەی عێراق خەرجكراوە و تەنیا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خەرجنەكراوە.