هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی دوو دابەش دەکرێت
نها نیوز – هەواڵەکان
وەزارەتى پێشمەرگە لە ڕاگەیاندراوێکدا وادەى دابەشکردنى هاوکاریى دارایی مانگى دووی هاوپەیمانانى بۆ لیواکانى پێشمەرگە ڕاگەیاند.
رۆژی پێنجشەممە بەرواری 6ـی ئازاری 2025، وەزارەتى پێشمەرگەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاندووە، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى دوو بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بە دیوانی وەزارەت و یەکەكانى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی)، رێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی بەکۆتا هێناوە، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی پێنجشەممە 6ـی ئازاری 2025، هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی دوو دابەش دەکرێت.
هێزەکانی هاوپەیمانان دووپاتیان کردەوە، کە هاوکاری دارایی بەردەوام دەبێت، لەم مانگەدا سەرووی(46000) چل و شەش هەزار پێشمەرگە و ئەفسەری سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانی تریش لە رێگەی سیستەمی بانکیەوە هاوکارییەکان وەردەگرن.
|