ئەپیکۆر لەبەر بەرژەوەندیەک بەپەلە عێراق و هەرێم ئاگاداردەکاتەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
کۆمپانیای ئەپیکۆر ئاماژە بەوە دەکات، هیچ رێككەوتنێكیان لەگەڵ نەكراوە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.
كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر)، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا كەلە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردووەتەوە، ئاشکرای دەکات "وەك ئەوەی پێشتر چەندین جار دوپاتمانكردووەتەوە، لەگەڵ گەیشتن بە رێككەوتنی فەرمی بۆ دابینكردنی گەرەنتی پێدانی شایستە داراییەكانی پێشوو و داهاتوو بەشێوەیەك كە بگونجێن لەگەڵ مەرجە یاسایی و بازرگانییەكانی گرێبەستەكانی ئێستادا، كۆمپانیاكانی ئەندام لە كۆمەڵەكەمان ئامادەن بۆ دەستبەجێ هەناردەكردنەوەی نەوت".
وتوشیەتی "تاوەكو ئێستا هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەندام لە كۆمەڵەكەمان لەوبارەیەوە نەكراوە".
ئەپیكۆر ئاماژە بەوەش دەکات، كە هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەندام لە كۆمەڵەكەمان نەكراوە تا ببێتە مایەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ئەمڕۆدا.
ئەو راگەیەندراوەی كۆمەڵەكە، دوای نزیكەی یەك سەعات دێت لە لێدوانێكی حەیان عەبدولغەنی كە تێیدا وتی، لەماوەی چەند سەعاتی داهاتودا عێراق دەستكردنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ و بەندەرەی جەیهانی توركییەوە رادەگەیەنێت.
هاوکات وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاند، لە سەرەتادا تێكڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی هەرێم 185 هەزار بەرمیل دەبێت و پاشان پێ بەپێ زیاد دەكرێت تاوەكو دەگاتە ئەو بڕەی كە لە بودجەی گشتی عێراقدا دیاریكراوە.
|