سەرۆك كۆماری عێراق لەسەر مووچە سكاڵای لەسەر سودانی و تەیف سامی تۆماركرد
نها نیوز – هەواڵەکان
بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەكان لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند، د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆمار، لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە دادگای فیدراڵی سكاڵای یاسایی لەسەر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق تۆماركرد.
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "د.لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق لە دادگای فیدراڵی سكاڵای یاسایی تۆماركردوە لەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی فیدراڵ بۆ داكۆكیكردن لە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان".
هاوڕێ تۆفیق ئاماژەی بەوەدا كە سكاڵاكە رۆژی 20ی 1ی ئەمساڵ لە دادگای فیدراڵی تۆماركراوە بەڵام هۆكاری ئەوەی كە ئەمڕۆ هەواڵەكەی رادەگەیەنن ئەوەیە كەلەماوەی رابردودا بێدەنگییان هەڵبژاردوە بۆ ئەوەی چاوەڕێی بڕیاری دادگا بكەن و پێش بڕیاری دادگا نەكەون.
ناوبراو راشیگەیاند "لە سكاڵاكەدا داوامان كردوە كە دادگای فیدراڵی، فەرمانێكی وەلائی بەپەلە دەربكات بۆ خەرجكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەردەوام و بەبێ راوەستان و داوامان كردوە بابەتە هونەرییەكانی وەك میزانی موراجەعەو وردبینی و چاودێری، نەبنە هۆكارێك بۆ دواخستنی موچە".
بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆمار ئاشکراشیکرد "رۆژی چوارشەممە 12ی شوبات رۆژی دادگاییكردنەكەیە، چاوەڕێی ئەوە دەكەین دادگای فیدراڵی لەو رۆژەدا بڕیاری دەستوری خۆی لەمبارەیەوە بدات".
ئاماژەی بەوەشدا "سەرۆك كۆمار داوا لە هەمو خەڵكی كوردستان دەكات كە یەكگرتو بن، هاودەنگ بن و هەمو لایەك هەوڵەكانمان یەك بخەین بۆ پاراستنی مافەكانی خەڵكی كوردستان و سەرۆك كۆمار وەك قەڵغانێكی دەستوری، پارێزگاری دەكات لە مافەكانی هەمو پێكهاتەكانی عێراق بەبێ هیچ جیاوازییەك."
"داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەكەین، چۆن پشودرێژ بون، ئەم چەند رۆژەش دان بەخۆیاندا بگرن و سەرۆك كۆمار و سەرۆكایەتی كۆمار هەمو هەوڵێكی دەستوری دەگرنەبەر بۆ پشتیوانیكردن لە قوت و موچەی هەمو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان". هاوڕێ تۆفیق وا دەڵێت
|