لەسەر مووچە هەرێم بەپەلە دوو پێشنیار دەخاتە بەردەم تەیف سامی و سودانی
نها نیوز – هەواڵەکان
بڕیارە سبەى شاندی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسى مووچە و بودجە کۆببنەوە، ئەندامێکى لیژنەى دارایی‌ش ئاماژە بەوە دەکات، لەبارەى رادەستکردنى داهاتى ناوخۆ، هەرێم دوو پێشنیازیی بە بەغدا داوە.
خه‌لیل دۆسکی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی پەرلەمانى عێراق بە میدیای پارتى دەڵێت "هه‌رێم دوو پێشنیازی كردووه، له‌وانه ئاماده‌ن ته‌واوی داهاتی ناوخۆ راده‌ستی به‌غدا بكه‌ن، به‌و مه‌رجه‌ی به‌غدا پشكی هه‌رێم له بودجه ره‌وانه بكات".
دۆسکی دەشڵێت "پێشنیاری دووەم ئەوەیە حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە تەواویی خەرج بکات، لەبەرامبەردا هەرێم نیوەی داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا بکات".
وتیشی "رۆژی یه‌كشه‌ممه شاندێکی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و رێككه‌وتنێكی گرنگ له‌باره‌ی خه‌رجكردنی مووچه و داهاتی ناوخۆ ئه‌نجام دەدات".
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی زانیارییەکان لەدوای خانەنشینبوونی زیاتر لە 35 هەزار فەرمانبەری هەرێم، وەزارەتی دارایی عێراق گۆڕانکاریی لە لیستی مووچەی هەرێمدا کردووە و پارەی مانگانە بۆ مووچەی هەرێم کەمبووەتەوە و چاوەروان دەکرێت لەم هەفتەیەدا بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی یەک بدرێت و لیستی مووچەی مانگی یەکیش دەکرێتە بنەما بۆ مووچەی تەواوی 2025.
|