عێراق دەنگی بە پرسە چارەنوسسازەکە دا
نها نیوز – هەواڵەکان
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەمواری بودجە دا و چاوەڕواندەکرێت لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت. بەوتەی ئەندامێکی پەرلەمانی بەغدا "پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە".
نەرمین معروف، ئەندامی یەکێتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە لەکۆبونەوەی لیژنەی دارایی، دەنگماندا بە پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای بودجە (مادەی 12/ دووەم/ ج) تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، چاوەڕواندەکرێت لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەنگی لەسەر بدرێت، و بەوەش دەستبکرێتەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم".
وتیشی "بەپێی هەموارەکە بڕی (١٦) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت وەک سلفە دەدرێتە هەرێم بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە تا ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی پسپۆر کە لەماوەی (60) رۆژ دەستنیشاندەکرێت بە رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا خەملاندنێکی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ تێچووی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم".
ئەندام پەرلەمانەکەی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی یاسای بودجەی فیدڕاڵی هەرێم دەبێت رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بکات یان لەرێگەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاریبێنێت.
|