دارایی عێراق بە بەڵگەی فەرمییەوە وەڵامی هەرێم دەداتەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، هەرێمی کوردستان کەمتر لە 10%ـی داهاتی ناوخۆی ناردووە، هەروەها لیستی مووچەی هەرێم ناوی دووبارەی تێدابووە.
لە وەڵامی روونکردنەوە و راگەیەنراوە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی هەرێمى کوردستان سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکان، وەزارەتی دارایی فیدراڵ چەند داتا و ژمارەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "پابەندبووین بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، بەڵام حکومەتی هەرێمى کوردستان تەوتینی مووچەی نەکردووە".
وتیشی "سێ لیستی کۆتایی ساڵی رابردوو ناوی دووبارەی تێدابووە، بەڵام تەواوی مووچەیان رەوانە کراوە".
وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بەجێبەجێکردنی بەندەکانی یاسای بودجە و گەڕاندنەوەی داهاتە نەوتی و نانەوتی بۆ خەزێنەی گشتیی فیدراڵ، دەشڵێت "ساڵی رابردوو تەنها 399 ملیار دینارى لە کۆی زیاتر لە چوار ترلیۆن دیناری داهاتی نانەوتی رەوانە کردووە".
ئەوەش لەکاتێکدایە، 18 رۆژ لە ساڵی نوێ تێپەڕیوە و تائێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی 12 ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە.
|