ئابوری

پێشەوا هەورامانی: بەغدا یەک دیناری نەناردووە

نها نیوز - هەواڵەکان

کەمێک لەمەوبەر کۆبوونەوەی نێوان حکومەتى کاربەڕێکەر و پەرلەمانتاران و وەزیرانى کورد لە بەغدا کۆتایی هات کە تایبەت بوو بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەر لەبارەی مووچەی مانگی 12ەوە دەڵێت "بەغدا یەک دیناری نەناردووە".

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "چەند وەزیرێک راسپێردراون بۆ ئەوەى پەیامەکانی کوردستان و کۆبونەوەکەى ئەمرۆ بگەیەنن". هەروەها وتیشی "وەزیرەکان باسی مافەکانی وەزارەتەکانیان کرد کە بەغدا پێینەداون".

سەبارەت بە مووچەی مانگی 12 هەورامانی ئاشکرایکرد "بۆ مووچەى مانگى 12 تا ئێستا بەغدا یەک دیناری نەناردووە و وەعدیان داوە بینێرن، بەڵام نەیانناردووە".

بەوتەی وتەبێژەکەی حکومەتی کاربەڕێکەر "ئەمساڵ بە هاتن و چوونی شاند بۆ بەغدا تەواو ناکەین و چاوەرێی وەڵامی بەغدا دەکەین".

ئەوەشی خستە روو "سەقامگیری عێراق مەبەستمانە و نامانەوێ سەقامگیری عێراق تێ بچێت، مامەڵەی عێراق لەگەڵ هەرێم وەک مامەڵەی پارێزگایەک نییە".

هەروەک پێشەوا هەورامانی لە کۆنگرەکە دەڵێت "عێراق ناتوانێت داوای لیستی مووچەی حەشدی شەعبی بکات"، دەشڵێت "داهاتی دەروازەکانی عێراق نادیارە و کەس نازانێ چی لێ دێت".

ناوبراو خەختیشیکردەوە "تەواوی داهاتی ناوخۆی هەرێم رادەست دەکەین بەو مەرجەی بەشە بوودجەی هەرێم بنێرن، بەڵام بەغدا ئامادە نییە ئەوە بکات".

لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا "شاندێکی دیکەی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات و لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکانی هەرێم ئەو هەنگاوەیان پێ دەوترێت کە بڕیارە بینێین.
 
2025-01-11
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.