ئابوری

میدیای یەکێتی هەموو گەندەڵییەکانی مووچەی مانگەکانی 11 و 12 ئاشکرادەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی بڵاوکردووەتەوە، حكومەتی هەرێم هیچ بڕێك پارەی لە داهاتی ناخۆ بۆ مووچە تەرخاننەكرد، هەروەها بۆ دابەشكردنی مووچە حكومەتی کاربەڕێکەر سێ بژاردەی لەبەردەستدابوو، هیچیانی جێبەجێنەكردووە.

ماڵپەڕی فەرمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە واڵی خۆی هەواڵێکی لەسەر مووچەی مانگەکانی 11 و 12 بڵاوکردووەتەوە و تیایدا رایگەیاندووە "هەرێمی كوردستان بەكێشە و قەیرانی مووچە و داراییەوە، هاتە ساڵی نوێوە، هەرچەندە وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 631 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 11ی 2024 فەرمانبەران نارد، بەڵام بەچاوەروانی ناردنی تەواوكارییەوە حكومەتی هەرێم و مووچەخۆران ساڵی 2024یان بەڕێكرد، هیچ بڕێك لەداهاتی ناخۆ بۆ پڕكردنەوەی تەواوكاریی زیاد نەكرا، بۆیە مووچەی دوو مانگی ساڵی پار 2024 دابەشنەكرا".

بەوتەی سەرچاوەیەك لە حكومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان كە هەر بۆ ئەو ماڵپەڕە قسەی کردووە، دەڵێت "بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 11 لەساڵی رابردوودا، حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ بژاردەی لەبەردەمدابوو، كە دووان لە بژاردەكان ناردنی پارە بوو لەبەغدا و بژاردەی سێیەمیش پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە بوو لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی و هەولێر و دهۆك"، میدیای یەکێتی لایخۆیەوە لەوبارەیەوە ئاشکرای دەکات کە حكومەتی کاربەڕێکەر هیچ كام لەو بژاردانەی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەی مانگی 11 جێبەجێ نەكردووە و "بەمەش دابەشكردنی مووچە كەوتە ساڵی نوێوە".

ئەوەش خراوەتە روو، هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەبوو كە تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق ئیمزای لەسەر ناردنی تەواوكاری مووچەی مانگی 11ی مووچەخۆرانی هەرێم كردووە، بەڵام ئەو دەنگۆیانە راست نەبوون و مووچەی مانگی 11 و 12ی 2024 لەساڵی رابردوودا دابەشنەكران.

هەروەها بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچەی یەك مانگی مووچەخۆرانی هەرێم پێویستی بە بڕی 996 ملیار دینارە، بەڵام تائێستا دارایی عێراق تەنها 631 ملیار دیناری وەك مووچەی مانگی 11 بۆ هەرێم ناردووە و بەوپێیەش بڕی 365 ملیار دینار كورتهێنان هەیە.
 
2025-01-01
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.