ئابوری

عێراق بڕیار لەسەر تەواوکاری مووچەی هەرێم دەدات

نها نیوز - هەواڵەکان

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆدەبێتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق باس لە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات، هاوكات بڕیارە ئەمڕۆ حكومەتی فیدراڵ بڕی 430 ملیار دینار بۆ تەواوكاری مووچەی مانگی رابردوو بنێرێت.

میدیا عێراقییەكان سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و ناردنی مووچەی فەرمانبەران هەرێمی كوردستان، بڵاویانكردەوە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكات.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبونەوەكەدا وەزیری دارایی حكومەتی عێراق سەبارەت بە كورتهێنانی مووچەی مووچەخۆران و پێداچوونەوە بە ژمارەیەك دۆسییە لەبارەی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گفتوگۆ دەكات.

لای خۆشیەوە سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی کوردستان وتی "بڕیارە ئەمڕۆ حكومەتی فیدراڵ بڕی 430 ملیار دینار بۆ تەواوكاری مووچەی مانگی رابردوو بنێرێت، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە رەوانەی هەرێم بكرێت، ئەوا مووچەی مانگی 11 لەسەر هەمان لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەكەم دابەشدەكرێت".

پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە 631 ملیار دیناری، بۆ مووچەی مانگی 11 رەوانەی هەرێم كرد، بەڵام هێشتا وەزارەتی دارایی هەرێم وادەی دابەشكردنی رانەگەیاندووە و رایگەیاند، ئەو پارەیە 430 ملیار دینار كورتهێنانی هەیە.
 
2024-12-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.