ئابوری

عێراق مژدەیەک بە هەرێم دەدات

نها نیوز - هەواڵەکان

هەمواری بڕگەی نەوتی هەرێم دەگوازرێتەوە بۆ ناو خشتەكانی بودجە و سەرەتای ساڵی نوێ دەگاتە پەرلەمان.

عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات "بەپێی قسەی سەرۆكی حكومەت، خشتەكانی بودجەی ساڵی 2025 لە سەرەتای ساڵی ئایندەدا دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران".

پرسی هەمواری بڕگەی (ج) لە ماددەی 12ی یاسای بودجەی گشتیی عێراق كە رێككەوتنی هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدای لەسەرە سەبارەت بە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە كوردستان، هێشتا پەسەند نەكراوە.

لەوبارەیەوە سەرۆكی لیژنەی دارایی ئاماژە بەوەدەکات، هەمواری بڕگەكە رەوانەی ناو خشتەكانی بودجەی 2025 دەكرێت.

بەوتەی عەتوانی "پێویستە چارەسەرێكی ریشەیی بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵیی و حكومەتی هەرێم بدۆزرێتەوە، ئامانجەكە تەنیا ئەوە نییە بڕگەی نوێ بۆ بودجە زیاد بكرێت، بەڵكو ئەوەیە بڕگەی وا پێشكەشبكرێت كە بتوانرێت جێبەجێبكرێت".

سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان باس لەوەش دەکات، هەموارەكانی بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان خراوەتە بەردەم چاودێریی دارایی فیدراڵ، ئەویش تێبینی خۆی داوە لەبارەی خاڵە كۆنەكانی ناكۆكیی سەبارەت بە پاكتاوی شایستەكانی نەوت و لیژنەی دارایی بەشێوەیەكی جددی چاودێری پرۆسەكە دەكات لە داهاتوودا.

هەمواری مادەی 12/دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی، تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، تێیدا لەبری (6 دۆلار)، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك لە نەوتی هەرێم بڕی (16 دۆلار) دیاریكراوە، ئەمە تا ئەوكاتەی لەماوەی 60 رۆژدا کۆمپانیایەکی پسپۆری نێودەوڵەتی؛ خەمڵاندنێکی راستەقینە و دادپەروەرانە دەکات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و لەسەر ئەم بنەمایە نرخێكی نوێ دەچەسپێندرێت.

جگە لەوەش، لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازاری 2023وە، یەكێك لە ناكۆكییە سەرەكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بریتیبوو لە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، كەلە یاسای بودجەی عێراقدا بڕی 6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دیاریكرابوو، حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكان بەم نرخە قایل نەبوون.

هاوکات لەسەر بنەمای ئەم رێككەوتنەو هەمواری یاسای بودجە، وەكو كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت دەڵێت، پێشبینی دەكرێت لەسەرەتای ساڵی ئایندەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێبكاتەوە.
 
22کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.