نها نیوز - هەواڵەکان
بەپێی وتەی نەبیل مەرسومی ئابووریناسی عێراق، هەرێم بۆ ئەمساڵ 110 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و پارەی پێویستی بۆ پێدانی مووچەی سێ مانگەکە هەیە.
نەبیل مەرسومی، مامۆستای زانكۆ و ئابووری ناسی عێراقی لە پێگەی فەرمی خۆی لە فەیسبوك لە شیكارییەكدا بەناوی "بۆچی هەرێم مووچەی فەرمانبەران نادات؟" نوسیویەتی "فرۆشتنی نەوت لە کوردستان لەماوەی ساڵی 2024دا زیاتر لە 110 ملیۆن بەرمیل بووە، كە ئەمە بەسە بۆ دابینکردنی مووچەی ئەم سێ مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام ئەو پارەیە نە لە بودجەی حکومەتی هەرێم و نە لە بودجەی فیدڕاڵیدا نەخراوەتەڕوو".
مەرسوومی هەر لە شیکاریەکەدا دەشڵێت "ماوەی سی مانگە فەرمانبەرانی هەرێم بێ مووچەن، سەرەڕای ئەوەی پارەی پێویست بۆ پێدانی مووچەی مانگی 10ی رابردوو هەیە".
ئەو ئابووریناسە بەم جۆرەیە شکاریەکەی کردووە:
_ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە نێردراوە بۆ مانگی تشرینی یەکەم (10) = 761 ملیار دینار.
– داهاتی مانگانەی نانەوتی = 320 ملیار دینار.
– ئەو بڕە پارەیەی مانگانە لە هێزەکانی هاوپەیمانانەوە دەنێردرێت = 20 ملیار دینار.
– مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم = 995 ملیار دینار
بەمەش کۆی گشتی ئەو بڕە پارانەی لەبەردەستی دەسەڵاتی هەرێمدایە = یەک ترلیۆن و ١٠١ ملیار دینار.
ناوبراو ئەوەشی وت "ئەو بڕە پارەیەی لەبەردەستی هەرێمدایە بەسە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران و زیادەكەشی 106 ملیار دینارە".
ئەوەشێ خستە روو "بڕە پارەی تریش هەن کە حیسابیان بۆ نەکراوە، ئەویش پشکی هەرێم لە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کوردستان، کە دەکاتە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و بەهای مانگانە لە 360 ملیۆن دۆلار کەمتر نییە، واتە نزیکەی 540 ملیار دینار، بەجۆرێك كە نرخی بەرمیلێک لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە دەفرۆشرێت دەکاتە 41 دۆلار.
ئەو ئابوریناسە ئاماژەی بەوەشدا "لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا، فەرمانبەرانی هەرێم تەنها 58 مووچەی تەواو و چارەکی مووچەکانیان بۆ ماوەی 44 مانگ وەرگرتووە، لەکاتێکدا بۆ ماوەی 18 مانگ بە هیچ شێوەیەک مووچەیان وەرنەگرتووە"، وتیشی "کۆی ئەو مووچەیەی بە فەرمانبەرانی هەرێم نەدراوە، گەیشتووەتە 44 مانگ زیاتر لە 23 ترلیۆن دینار، جگە لە راگرتنی پلەبەرزکردنەوە و پاداشتی ساڵانە".
نەبیل مەرسومی بە تەنزەوە راشیگەیاند "خوای گەورە یارمەتی فەرمانبەرانی هەرێم بدات بەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم".