نها نیوز - هەواڵەکان
سبەینێ شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێم سەردانی بەغدا دەکەن، بەگوێرەی زانیارییەکان شاندەکە داوا دەکەن وەزارەتی دارایی عێراق 270 ملیار دیناری دیکە بنێرێت.
میدیای گۆڕان لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار رایدەگەیەنێت "بڕیارە سبەینێ یەکشەممە شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان بچنە بەغدا و لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی فیدراڵ کۆببنەوە، یەکەم پرسیاری شاندی هەرێم ئەوەیە بۆچی تەمویلی مووچەی مانگی 11 کە بڕەکەی 430 ملیار دینارە نوسراوەکەی کراوە، بەڵام پارەکە خەرج ناکرێت".
بەوتەی سەرچاوەکە بێت، ئامانجی شاندەکە بەمەبەستی بەدواداچونە بۆ هۆکاری راگرتن و دواخستنی تەمویلەکانی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ.
ئەو باسی لەوەشکرد، شاندەکەی هەرێم داوا لە تەیف سامی دەکەن، جگە لە بڕی سێ 760 ملیار دیناری و گواستنەوەی 430 ملیار دیناری دیکە، 270 ملیار دیناری دیکە بۆ مووچەی مانگی 12 رەوانە بکات، بۆئەوەی بتوانێت، مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 دابەشبکات.
میدیای گۆڕان ئاماژەی بەوەشداوە، شاندی هەرێم سبەینێ ئامادەیی دەردەبڕن بۆئەوەی داهاتی ناوخۆی مانگەکانی حەوت و هەشت راستەوخۆ رادەستی بەغدا بکەن.
جێی باسە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبونەوەی رۆژی پێنجشەممەی ئەنجومەنەکەی داوای لە تەیف سامی وەزیری دارایی کردووە، بە زووترین کات ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستبووە، پڕبکاتەوە و ئەو بڕە پارەیەی کە ماوە رادەستی هەرێم بکرێت، بەڵام وەزیری دارایی رایگەیاندووە، هیچ بڕە پارەیەکی لەبەردەستدا نییە لە پشکی هەرێمی کوردستان تا رادەستی بکات.