کێشەی کورتهێنان چارەسەرکرا و دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات
نها نیوز - هەواڵەکان
بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی سێ مووچەکە شاندێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر لەبەغدایە، بەگوێرەی زانیارییەکان رێککەوتنى نێوان هەردوو وەزارەتى دارایی هەرێم و عێراق لەسەر گواستنەوەى بڕى 430 ملیار دینارە بۆسەر مووچە لە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى کە ئەویش ژمارەی 9ی چاودێری کۆمەڵاتییە.
شاندێکى وەزارەتى دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەى چەند رۆژێکە لە بەغدایە بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو کورتهێنانەى لە مووچەى خانەنشینان و فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دا دروستبووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندەکەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزارەتى دارایی فیدراڵ گەیشتوونەتە رێککەوتن لەبارەى گواستنەوەى پارە بۆسەر ئەو بەشەى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجە، کە تایبەتە بە مووچە.
زانیارییەکان ئاشکراشیکردووە، رێککەوتنى نێوان هەردوو وەزارەتى دارایی هەرێم و عێراق لەسەر گواستنەوەى بڕى 430 ملیار دینارە بۆسەر مووچە لە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى، ئەو پارەیە لە خشتەى ژمارە 9 دەگوێزرێتەوە کە تایبەتە بە پارەى تەرخانکراوى چاودێریى کۆمەڵایەتى و بۆ ئەمساڵ بڕێک لەو پارەیە ماوەتەوە، کە بەتێکڕاى بۆ ساڵەکە زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار بووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، وەزارەتى دارایی عێراق بۆ هەریەک لە مانگەکانى 10 ،11 و 12ـی ئەمساڵ، نزیکەى 760 ملیار دیناری دیاریکردووە و یەک گوژمەى لێ ناردووە، لەکاتێکدا وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان ئاماژە بەوە دەکات ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچە کورتهێنانى دەبێت، بەو پێیەى مانگانە پێویستى بە زیاتر لە 980 ملیار دینارە بۆ مووچە بە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانیشەوە.
|