لەبارەی سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵ حکومەتی کاربەڕێکەر بڕیاریدا
نها نیوز – هەواڵەکان
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، لە هەوڵەکانمان بەردەوامین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوە و سەبارەت بە بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بۆ هەر سێ مانگی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ، جەخت لەوە کرایەوە کە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
ئەوەش هاتووە، لەدوا کۆوونەوەی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیش، جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە بابەتی مووچە، تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی نەکرێت و وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت، وەک شایستەی یاسایی خۆیان لەبەرامبەر "وەزیفەکانیان"، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکە.
|