بەغدا 200 ملیار دینار دەنێرێت بۆ مووچەی مانگی 10
نها نیوز – هەواڵەکان
بەپێی وتەی سۆران عومەر پەرلەمانتاری كورد عێراق، بەغدا دەڵێت، 200 ملیار دینار دەنێرن بۆ مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێم، دەشڵێت "كێشەكە چەندێكی لای عێراقە، ئەوەندەشی لای هەرێمی كوردستانە".
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریشە لە لێدوانێكدا بە میدیای یەكێتی دەڵێت "لە ئەمڕۆیدا وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەڵێت، 600 ملیار دینار دەدەم بە هەرێم، ئەویش 400 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆم بداتێ، واتە 200 ملیارت بۆ مووچەی مانگی 10 دەمێنێتەوە".
ناوبراو ئاشکراشی دەکات "ئەوەش كورتهێنانی زۆر دروست دەكات، چونكە هەرێم بۆ مانگی 10 داوای 996 ملیار دیناری كردوە. بۆیە ئەم كێشەیە پێویستی بە چارەسەرە. چارەسەرەكەش چەندێكی لای عێراقە، ئەوەندەشی لای هەرێم".
لەبارەی سەردانەكەیشیان بۆ لای سەرۆكی دادگای فیدراڵی، سۆران عومەر وتی "بەسەرۆکی دادگای فیدراڵیم وت؛ خەڵکی کوردستان دەڵێن ئەگەرهەرێم پابەند نییە بە تەوتين و رادەستی داهاتی ناوخۆ رێگایەکی دیکە نییە سزای دەسەڵاتدارانی پێ بدرێ هەر مووچەی خەڵک دوادەخرێ و نادرێت؟ سەرۆکی دادگای فیدراڵی وتی؛ بڕیارەکەی دادگا تەفسیری جیاواز هەڵناگرێت و لەبوونی هەر ناکۆکییەکی سیاسیش پێویستە مووچەی خەڵکی هەرێم بەردەوام بێت".
"سەرۆكی دادگای فیدراڵی پێشنیاری کۆبونەوەیەکی بەپەلەی کرد بۆ چارەسەری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم." ئەندامەکەی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق وایوت
|