سلێمانی بەفەرمی هەنگاوە جدیەکە دەنێت و داوا گرنگەکەی بۆ عێراق بەرزکردەوە
نها نیوز – هەواڵەکان
جێگری پارێزگاری سلێمانی نوسراوێک ئاڕاستەی بانکی ناوەندی عێراقی دەکات و تیایدا داوا دەکات لە پارێزگاکەی بە فەرمی دەست بە تەوتینی مووچەخۆران بکرێت.
بەگوێرەی نوسراوێكی فەرمی کە واژۆی شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی لەسەرە و ئاڕاستەی بانكی ناوەندیی عێراق كراوە داوایی لە بانكەكە کردووە، بە پشتبەستن بە رێكارە كارپێكراوەكان و بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی، تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی پارێزگای سلێمانی دەستپێبكات.
ئەوەش هاتووە "بە پشتبەستن بە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا تایبەت بە تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان، داوا لە بانكەكەتان دەكەین، رێكارە پێویستەكانی تایبەت بەو پڕۆسەیە لە پارێزگای سلێمانی دەستپێبكەن".
ئەم نوسراوە لەکاتێکدایە، لەدواى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و راپەڕین، فۆڕمى تەوتینی فەرمانبەران و خانەنشینیانیان پڕکردەوە و هەژمارى منیان رەتکردەوە.
جێی ئاماژەشە، لە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024شدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێگەی تیمێکی یاسایی و ئەندامەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەران، لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغدا سکاڵای یاسایی لەسەر "هەژماری من" و رێگری لە جێبەجێکردنی تەوتین تۆمارکرد.
|