نها نیوز - هەواڵەکان
یەکێتیی لە بەغدا سکاڵا لەسەر "هەژماری من" تۆمار دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە لەنێو پەرلەمان 115 واژۆ لەپەرلەمانتار و سەرۆکی فراکسیۆنی کوردی و عێراقی کۆدەکاتەوە وەکو فشارێک بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی تەوتین.
سروە محمەد، ئەندامی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بە نها نیوزی وت "ئەمڕۆ پێنج شەممە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێگەی تیمێکی یاسایی و ئەندامانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سکاڵای یاسایی لەسەر ''هەژماری من'' و رێگریکردن لە جێبەجێکردنی تەوتین لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ تۆمارکرد".
سروە وتیشی "سکاڵاکە لەسەر بەزۆر ناچارکردنی فەرمانبەرانە بەکردنەوەی هەژماری بانکی لە ''هەژماری من'' لە بانکە ناحکومییەکان بەپێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دادگای لیکۆڵینەوە سکاڵاکەی قبوڵکرد و دەستیکردووە بە رێکارە یاساییەکانی خۆی".
هەر لە درێژەی هەوڵەکانی یەکێتیدا لە نوسراوێکدا کە کۆپیەکی دەست نها نیوز کەوتووە هاتووە، هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی ئیمزای پەرلەمانتارانی عێراق بۆ پشتیوانی و فشار بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەبارەی تەوتینی مووچەی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە.
لەنوسراوەکەدا ئەوەش ئاشکراکراوە، تائێستا 115 پەرلەمانتارو سەرۆکی 10 فراکسیۆنی کوردستانی و عێراقی واژۆیکردووە.
هاوکات هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت تا زۆرترین پەرلەمانتارو فراکسیۆن پشتیوانی داوای مووچەخۆرانی کوردستان بکەن بۆ تەوتینی مووچە.