نها نیوز – هەواڵەکان
سەرچاوەیەک لە حکومەتی کاربەڕێکەرەوە ئاشکرایکردووە کە بەغدا لیستی مووچەی مانگی 10ی گەڕاندووەتەوە و بە هەرێمی وتووە چاکی بکەن و بیهێننەوە.
هەرچەندە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە رایگەیاندبوو، کە بە زوترینکات پڕۆسەی وربینی لە لیستی مووچە و دەرخستەی کۆتایی مانگانەی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات و ئەگەر کێشە و کەموکوڕیەکانی لیستی مووچە چارەسەر کرابوون و لیستەکە بێ کێشەبێت تەواوی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆران دەخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێم.
بەڵام سەرچاوەیەک لە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بەمیدیاکان دەڵێت "بەغدا لە لیستی مووچەی مانگی 10دا تێبینی هەیە و لیستەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ شاندەکەی هەرێم و پێی وتوون، تاوەکو چاکی نەکەن لێتان وەرناگرین".
وتیشی "لیستی مووچەی مانگی 10 جیاوازە لە مانگەکانی دیکە، بەڵام بەغدا هەر تێبینی هەیە و لیستەکە ژمارەی ناڕوونی تێدایە و لە چەند رۆژی داهاتوودا جارێکی دیکە رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێتەوە".
لەلایەکی دیکەشەوە دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رونیکردەوە "لە ئێستادا شاندێکی هەرێم لە بەغدایە و گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، حکومەتی عێراقیش سورە لەسەر ئەوەی مووچەی هەرێم دەبێت لەسەر بنەمای رادەستکردنەوە داهاتی نانەوتی و خاڵە سنوورییەکان بێت".
لایخۆشیەوە غەریب عەسکەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات "کێشەی مووچە هونەرییە و داوا دەکەم لیژنەی هاوبەش پێکبهێنرێت، تاوەکو تەواوی گرفتەکان چارەسەربکرێن، مووچەخۆرانی هەرێمیش عێراقین و هەموو لایەک دەبێت پابەندبن بە دابینکردنی مافەکانیان و مووچەکانیان".