عێراق نزیكەی 6 ملیار دینار بۆ هەرێم خەرج دەکات
نها نیوز – هەواڵەکان
وەک قەرەبوو حكومەتی عێراق نزیکەی شەش ملیار دینار بۆ ئاوارەکان خەرجدەکات و دابەشکردنی پارەکەش بەشێوەی چەک دەبێت.
كاكە رەش سدیق، سەرۆكی نوسینگەی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە كەركوك بە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی وت "لە 10 رۆژی رابردوودا بڕی 400 چەكی پارەمان وەك قەرەبوو بۆ ئاوارەكان بۆ گەڕاوەتەوە، كە بڕی 4 ملیار دینار دەكات و لەدوای گەڕانەوەشی دەستمان كردووە بەدابەشكردنی چەكەكان بۆ ئەو خێزانە ئاوارانەی كەناویان گەڕاوەتەوە، كەبۆ هەر خێزانێك بڕی 10 ملیۆن دینارە و لە پارێزگای كەركوك وەریدەگرن".
کاکە رەش رونیشیکردەوە "دوێنێش لەلایەن حكومەتی عێراقەوە 97 چەكی دیكەی پارەمان بۆ خێزانە ئاوارە عەرەبە هاوردەكان گەڕاوەتەوە كە بڕی ملیارێك و 940 ملیۆن دينار دەكات، كە پێویستە ئەو خێزانانە بچن لە بەغدا چەكەكانیان وەربگرن كە بڕەكەی 20 ملیۆن دینارە".
سەرۆكی نوسینگەی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە كەركوك وتیشی "وەك نوسینگەی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە كەركوك هەوڵەكانمان بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو خێزانانەی هەتا ئێستا قەرەبوو نەكراونەتەوە، قەرەبوویان پێبدرێت".
|