ئابوری

سەرچاوەیەک لە دارایی هەرێم لەبارەی فەوتانی مووچەکانی 10و 11و 12 بۆ نها قسە دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

دوای ئەوەی وا بڵاوکرایەوە کە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە کە بڕی 9 ترلیۆن لە بودجەی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆتایی هاتووە و بەشی دابەشکردنی مووچەی سێ مانگەکەی کۆتایی ناکات، نها نیوز زانیاری نەبیستراو لە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم و پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرا دەکات.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بە فەوتانی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ی فەرمانبەران بۆ نها نیوز رایگەیاند "نازانم ئەو قسەیە کێ کردوویەتی! هێشتا ئێمە لەسەر ئەو بابەتەیە هەڵسەنگاندمان نەکردووە تا بزانین ئەو شتەیە بنەمای هەیە یاخود نا، هەرشتێک هەبێت بڵاویدەکەینەوە، بۆیە زۆر زووە قسەی لەسەر بکەین".

ئەو سەرچاوەیە لەبارەی شێوازی هەڵسەنگاندنی بودجەی تایبەت بە هەرێم بۆ نها روندەکاتەوە و دەڵێت "نازانم، دەبێت بەدواداچون بکەین و بزانین بنەماکەی چییە، ئایا قسەیەکە و فڕێدراوە یاخود پەرلەمانتارێک کردوویەتی، بۆ ئەم حاڵەتە دەبێت بچینەوە بەسەر داتا و ژمارە و خشتە تایبەتمەندییەکاندا تا بزانین پارە چەند هاتووە و چەندی ماوە، لەبەر ئەوە پرسیارێک نییە یەکسەری بە ئا یاخود نا وەڵام بدەینەوە"، ناوبراو زیاتری وت "دەبێت سەیری ژمارەکان بکەین بزانین لەیاسای موازەنە چەندت بۆ دانراوە، وە بشزانین لە مانگی دووەوە تائێستا چەندت بۆ هاتووە لێی دەردەکەیت و ئەوکاتە بۆت دەردەکەوێت چەندێک پارەت ماوە، وە ئەوکاتەیە دەردەکەوێت ئەو قسەیە بنەمای هەیە یاخود نا، وە پرسیارێکی لەوجۆرە هەروا ئاسان نییە بڵێین ئا یان نا".

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوەش دەکات "ئەو بابەتەیە دیراسەی دەکەین و ئەوکاتە بە راگەیەندراو یاخود بەجۆرێکی دیکە بڵاویدەکەیەنەوە".

هەر پەیوەست بەو بابەتەوە د. نەرمین مەعروف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ نها نیوز وتی "ئەو بڕە پارەیەی تەرخانکراوە بۆ مووچە زیاترە، راستە وا نوسراوە کە 9 ترلیۆنە بەڵام ئەو پارەیە تەنیا بۆ فەرمانبەرانە، وە زیاد لە دوو ترلیۆنیش تەرخانکراوە بۆ خانەنشینی و ریعایەی کۆمەڵایەتی".

د. نەرمین مەعروف باس لەوەش دەکات "ئێمە کاتێک باسی مووچە دەکەین مووچەی فەرمانبەران و تۆڕی چاودێری و خانەنشینان بەیەکەوە پێی دەوترێت مووچە، لەبەر ئەوە ئەو 9 ترلیۆنە تەواو نەبووە، بەڵام ئەوەی خروقاتی دروستکردووە بڕی پارەی هاوتاکردنەکەیە کە هەرێمی کوردستان داوای کردووە بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەر یاخود خانەنشیینانی مەدەنی و سەربازیی، هەروەها ئەو دامەزراندنانەی کە تایبەتە بە وانەبێژەکان کە دەکرێن بە گرێبەست، بۆیە پارەیەکی زیاتر پێویستە کە لەناو بودجەدا تەرخانکراوە".

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی لە عێراق جەختیشیکردەوە "راستی پارەکە خۆی کێشەی نییە وە تەواویش نەبووە و پارەی هەرسێ مانگەکە دانراوە، بەڵام لە هاوتاکردنەکەدا پارەکە بەش ناکات. هەربۆیە نەخێر سێ مووچە نافەوتێت".
 
11کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.