لە بەغداوە بۆ تەوتینی مووچە داوایەكی بەپەلە دەكرێت
نها نیوز - هەواڵەکان
د. بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانێ عێراق رایدەگەیەنێت، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی بانكی رەشید بۆ تەوتینی مووچە داوایان كرد كە رێكارەكانی تەوتین خێراتربكرێن و كۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجامبدرێت.
د. بڕیار رەشید لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت "ئەمڕۆ دووشەممە بە نوێنەرایەتیی فراكسیۆنی یەكێتی سەردانی بانكی رەشیدمان كرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری بانكەكە كۆبووینەوە".
دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا "باس لە هەنگاوەكانی تەوتینی مووچە كراوە و ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە بەرپرسانی بانكەكە لێکۆڵینەوە لە بابەتەكە دەكەن و ئامادەییان هەیە و بۆ كردنەوەی لقی بانكەكە و شوێنێكی تایبەتیان بۆ تەرخانبكرێت".
بە وتەی بڕیار رەشید "بەرپرسانی بانكی رەشید بۆ تەوتینكردنی مووچەی مووچەخۆران داوایان كردووە كە رێكارەكانی تەوتین خێراتربكرێن و كۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجامبدرێت و پێویست بەوە نەكات كە چاوەڕوانی وەڵامی نووسراو و رۆتینیات بكرێت و پڕۆسەكە دوابكەوێت، بەڵكو لێكتێگەیشتن بكرێت و پرسی تەوتین تەواوبكرێت".
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە "مووچە تەوتین بكرێت چەندین خزمەتگوزاری هەیە كە تایبەتە بە قەرزی گەنجان، خانووبەرە و قەرزی بچووك و گەورە و چەندین خزمەتگوزاریی دیكەی هەیە كە لە رابردوودا لە عێراق مووچەخۆران لێی سوودمەندبوون".
ئەمە لەکاتێکدایە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتەواوی پرۆژەی هەژماری من رەتدەکاتەوە و پشتگیریی خۆی و حزبەکەی بۆ تەوتینی مووچە راگەیاندووە.
|