ئابوری

لەبارەی مووچەی مانگی 10 زانیاریی نوێ ئاشکرا دەکرێت


نها نیوز - هەواڵەکان
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت "بەغدا چاوەڕێی لیستی مووچەی مانگی 10یە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی ئەو مانگەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ نەناردووە".

ئاژانسی شەفەق نیوز لە زاری چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردووەتەوە "تا ئێستا وەزارەت لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە بەغدا نەناردووە، لەکاتێکدا بەغدا چاوەڕێی ئەو لیستە دەکات بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێویست پێش ناردنی تەمویلی موچەی مانگی 10 بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و بڕیارە لیستەکە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا بنێردرێت".

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، پێشبینی دەکرێت پڕۆسەی وردبینی و ڕێکارەکانی گواستنەوەی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم چەند ڕۆژێک بخایەنێت دوای ناردنی لیستەکان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە خەرجکردنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تا سەرەتا و ناوەڕاستی مانگی داهاتوو درێژ بکرێتەوە.

سەرچاوەکان لە وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچەی مانگی 10 ئاماژەیان بەوە کردووە، ڕێکارەکانی پێداچوونەوە بە لیستەکەدا هۆکار بووە بۆ دواکەوتنی ناردنی بۆ بەغدا.

 هەروەها دووپاتیان کردووەتەوە کە وەزارەت کار بۆ دڵنیابوون لە تەواوبوونی پڕۆسەی خەرجکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم لە سەرەتای مانگی داهاتوودا دەکات.
2024-10-27
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.