ئابوری

دارایی هەرێم: 305 ملیار دینار کورتهێنان هەیە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 9

نها نیوز - هەواڵەکان

وەزارەتی دارای هەرێم رایەگەیاند، 305 ملیار دینار کورتهێنان هەیە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 9.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لەمیانی راگەیاندراوێکیدا ئاشکرایکرد "کۆی گشتی ئەو پارەیەی ئێستا لە بەردەست وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول بریتییە لە 690 ملیار و 392 ملیۆن دینار بەوەش نزیکەی 305 ملیار دینار کورتهێنان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول هەیە".

دەقی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی درایی حکومەتی کاربەڕێکەر؛

دوای سەردانی شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، لەدوو هەفتەی ڕابردوودا بۆ شاری بەغداد و کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بەشی زۆری کێشە تەکنیکیەکانی لیستی مووچە چارەسەر کرا و بڕیاردرا بەخەرجکردنی هەموو ئەو لێبڕینانەی لەلیستی مووچەی مانگەکانی ڕابردوو ڕاگیرابوون.
١- ڕۆژی دوو شەممە ( ٢٠٢٤/١٠/٧ ) بڕی (٣٢٩،٣٩٢،٠٠٠،٠٠٠) سێسەد و بیست و نۆ ملیار و سێسەد و نەوەد و دوو ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی ئەیلولی هێزە ئەمنییەکان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
٢- بڕی تەمویلی ماوە لە بەردەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دوای پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی ئاب بریتییە لە ( ٣٦١،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سێسەد و شەست و یەک ملیار دینار.
٣- کۆی گشتی ئەو پارەیەی ئێستا لە بەردەست وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول بریتییە لە ( ٦٩٠،٣٩٢،٠٠٠،٠٠٠ ) شەش سەد و نەوەد ملیار و سێ سەدو نەوەدو دوو ملیۆن دینار بەوەش نزیکەی( ٣٠٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) سێسەد و پێنج ملیار دینار کورتهێنان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول هەیە.
٤- لەسەر بنەمای ئەو بەڵێن و لێکتێگەیشتنانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان دراوە لەم چەند ڕۆژەدا سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێت کە لە مووچەی مانگەکانی ڕابردوو بڕدرابوو، تا بتوانرێت کورتهێنانی مووچەی مانگی ئەیلولی پێ پڕ بکرێتەوە.
٥- لەمانگی تەمووزەوە کە مووچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتای عێراق کراوە، ئەو تەمویلەی کە بۆ مووچەی خانەنشینان زیاد بووە و بڕەکەی مانگانە نزیکەی ( ٤٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) چل و پێنج ملیار دینارە و سەرجەمی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین کراوە، سەرەڕای پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغداد و ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە بەڵام هێشتا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە هیچ تەمویلێک بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان خەرج نەکراوە.
٦- زیاتر لە مانگێکە نووسراوی گواستنەوەی پارە لە بڕگەی تەرخانکراوی خەرجی بەکاربردنەوە بۆ بڕگەی تەرخانکراوی چاودێری کۆمەڵایەتی و خانەنشین لەپشکی هەرێمی کوردستان لەوەزارەتی دارایی عێراقە تا بتوانرێت تەرخانکراوی دارایی بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان دەستەبەر بکرێت، بەڵام هێشتا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە کاری لەسەر نەکراوە.
وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری چاوەڕوانین لەنزیکترین کاتدا گوژمەی تەواوکاری بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خەرج بکرێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بکەین.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان. ٢٠٢٤/١٠/٨

2024-10-08
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.