ئابوری

موچەی‌ مانگی 8ـی خانەنشینانی‌ هێزه‌كانی‌ 70 هاوتای‌ به‌غدا ناكرێت

نها نیوز – هەواڵەکان

بەڕێوەبەری‌ جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتی‌ خانەنشینی‌ هێزه‌كانی‌ 70ی‌ پێشمەرگە لەبارەی مووچەی مانگی 8ـیانەوە بەهاوتاکراویی زانیاری دڵناخۆشکەر ئاشکرا دەکات و دەڵێت "موچەی‌ مانگی 8ـی خانەنشینانی‌ پێشمەرگە هاوشێوەی‌ پێشتر دەبێت".

هادی‌ ئەکرەم، بەڕێوەبەری‌ جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتی‌ خانەنشینی‌ هێزه‌كانی‌ 70ی‌ پێشمەرگەی‌ سلێمانی‌ به‌میدیاكانی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ وت "کێشەی‌ بەردەم هاوتاکردنی‌ مووچەی‌ خانەنشینانی‌ پێشمەرگە نزیکەی‌ سێ هەزار پلەداری‌ پێشمەرگەیە و تائێستا نەتوانراوە مووچەکانیان هاوتابکرێت".

هادی ئەکرەم ئاماژە بەوەش دەکات "ئەوانەی‌ لە بزووتنەوەی‌ رزگاریخوازی‌ گەلی‌ کورد بەشداربوون و پلەیان پێدراوە ئەوانە مووچەکانیان کەمدەکات لەبەرئەوە لە هەوڵی‌ چارەسەرکردنی گرفتی‌ ئەوانین و بۆ مانگی‌ ئاب بەهەمان لیستی‌ مووچەی‌ مانگی‌ تەمموز خانەنشینانی‌ پێشمەرگە مووچە وەردەگرن و بۆ مانگی‌ ئەیلول مووچەکانیان هاوتادەکرێت.

بەوتەی بەرپرسەکەی‌ خانەنشینی‌ هێزه‌كانی‌ 70ی‌ پێشمه‌رگه‌ "زۆرینەی‌ خانەنشینانی‌ پێشمەرگە بەهاوتاکردنی‌ مووچەکانیان لەگەڵ خانەنشینانی‌ سەربازیی‌ عێراق مووچەکانیان زیاد دەکات و هەموو مووچە کەمەکان دەکرێتە 600 هەزار دینار".

ئەوەش لەکاتێکدایە، 11ی‌ ئه‌م مانگه‌ بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری له‌ وەزارەتی دارایی ‌و ئابووریی حکومەتی کاربەڕێکەری هه‌رێمی کوردستان لەمیانی راگەیەندراوێکیدا سەبارەت بە مووچه‌ی‌ خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 رایگەیاندبوو، لەسەر بڕیاری ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تەمموزی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی (70) درا، راشیگەیاندبوو، بۆ مانگەکانی داهاتوو هەر کێشەیەک بۆ مووچەکانیان دروست ببێت کە لە گەنجینەی دووی سلێمانی مووچەیان بۆ خەرجدەکرێت، لە ئەستۆی بەرپرسانی ئێستا و رابردووی هێزەکانی حەفتایە کە زیاتر لە (10) ساڵە هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەکردووە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.

 
2024-09-14
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.