ئابوری

وادەی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینی سەربازی ئاشكراكرا

نها نیوز – هەواڵەکان

بەڕێوەبەرێكی جێبەجێكار لە خانەنشینی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات، كێشەی هاوتاكردنی خانەنشینی سەربازی بەرەو چارەسەر هەنگاو دەنێت و لە مانگی حەوتەوە هاوتاكردنەكەیان بۆ هەژمار دەكرێت.

هادی ئەكرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە خانەنشینی پێشمەرگە، بە میدیای گۆڕان دەڵێت "دوای ئەوەی دەركەوت مووچەی پلە باڵاكانی خانەنشینانی سەربازی لەبری ئەوەی زیاد بكات، مووچەكەیان كەم دەبێتەوە، مووچەی مانگی حەوتی خانەنشینانی سەربازی هاوتا نەكرا، لەبەر ئەوەی دەرماڵەكانی مەترسی، هاوسەرگیری و بڕوانامەكەیان لەگەڵ خانەنشینی سەربازی عێراقی جیاوازی هەیە لە ئێستاشدا لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ ئەو حاڵەتە".

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات "ئەو كەسانەی مووچەی خانەنشینی سەربازییەكەیان لە خوار (500) هەزارەوەیە سودمەند دەبن كە ژمارەكەیان زۆرە، هەروەها ئەو خانەنشینانەشی مووچەكەیان لە یەك ملیۆن دینار كەمترە، بڕی (100) هەزار دینار دەخرێتە سەر مووچەكەیان".

بەوتەی بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە خانەنشینی پێشمەرگە 'بۆ چارەسەری كێشەی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینی سەربازی بەهاوكاری وەزارەتی دارایی لیژنەی تایبەت پێكهێنراوە و ئەو لیستانەشی كێشە و كەموكورتییان تیادا بووە كاری لەسەر كراوە، بەدڵنییاییەوە چارەسەر دەكرێت و لە مانگی هەشتدا قەرەبوەكان وەردەگیرێتەوە.\

لەبارەی ئەوەی لە چ وادەیەک هاوتاکردنەکە دەکرێت؟ هادی ئەكرەم ئاشکرایکرد "بڕیار وایە مووچەی خانەنشینانی سەربازی لە مانگی حەوتەوە هاوتاككردنەكەیان بۆ هەژمار بكرێت، ئێستا چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی دارایی دەكەن بۆ ئەو مەبەستە".

 
2024-09-11
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.